ریكلام


شاره‌زایه‌ك گومان له‌سه‌ر ده‌نگدانه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ی ريفراندۆم ده‌خاته‌ رو

10/2/2017 9:22:46 PM
ئه‌م بابه‌ته‌‌ : 367 جار بینراوه‌‌

 
رادیۆی ده‌نگ
 
شاره‌زایه‌كى بوارى ئایتی و سكویریتی ئه‌نته‌رنێت، رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى ده‌نگدانى ئه‌لیكترۆنى ریفراندۆم پیشان ده‌دات و باس له‌وه‌ده‌كات ده‌ستكارییكردنى ده‌ره‌نجامه‌كانى زۆر ئاسانه‌.
 
سه‌رده‌شت عه‌زیز، له‌ هه‌ژمارى خۆی له‌ فه‌یسبوك، له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "چه‌ند رۆژێكه‌ كه‌ناڵه‌كانی پارتی (روداو، كوردستان ٢٤) زۆر باس له‌پاڵه‌وانێتی ئه‌و گروپه‌ ده‌كه‌ن كه‌سایتی ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌كوردانی ده‌ره‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆ گرتوه‌و گوایه‌ ٣٠٠ هه‌زار جار هه‌وڵی هاكی دراوه‌".
 
ده‌شڵێت: "ئه‌و ٣٠٠ هه‌زار جاره‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن هه‌وڵی هاك نییه‌ به‌ڵكو جۆره‌ هێرشێكه‌ پێی ده‌وترێت DDOS كه‌ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات وه‌ك سه‌ردانكه‌رێك داواكاری بنێرێت بۆ ئه‌و سایته‌ بۆ ئه‌وه‌ی لۆد بخاته‌ سه‌ر وێب سایته‌كه‌و نه‌كرێته‌وه بۆ كه‌سانی دیكه،‌ ‌ نه‌ك هاك كردن و بردنی زانیاری، وه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ هێرشانه‌ زۆر كه‌مه‌".
 
ئه‌و شاره‌زایه‌، نمونه‌ى سایتی ئاوێنه‌ دێنێته‌وه‌ كه‌ ته‌نها له‌مانگی پێشوو(مانگی نۆ) ٥٧ ملیۆن و ٤١٩ هه‌زار داواكاری له‌و شێوه‌یه‌ی بۆهاتوه‌ كه‌ ٥٦ ملیۆنیان له‌و جۆره‌ هێرشه‌ بوه‌و سایته‌كه‌ نه‌وه‌ستاوه‌. ده‌شڵێت: "پاراستنی وێب سایتیش له‌و جۆره‌ هێرشانه‌ به‌ قه‌باره‌ی ئه‌و ٥٧ ملیۆنه‌ ته‌نها تێچوی ٢٠٠ دۆلاره‌ له‌مانگێكدا".
 
سه‌رده‌شت عه‌زیز، هه‌روه‌ها نوسیویه‌تى: "خاوه‌نی ئه‌و گروپه‌ كوڕێكی بارزانییه‌و ته‌نانه‌ت له‌ ٢٥ مانگ له‌هه‌مان شوێنی نێچیرڤان بارزانی ده‌نگیدا واته‌ له‌ (VIP)‌".
 
ده‌شڵێت: "ده‌ستكاریكردنی ده‌نگی ئه‌لیكترۆنی به‌به‌راورد به‌ده‌نگی كاغه‌ز زۆر زۆر ئاسانه‌ و به‌یه‌ك دێڕ كۆد كه‌ ته‌نها له‌ ٩ وشه‌ پێكهاتوه‌ ده‌توانیت ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه‌ بگۆڕیت،  له‌وه‌ ئاسانتر ده‌نگدانه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان نه‌داوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌كاتی ده‌نگداندا چاودێری وردی بكه‌ن و‌ گرنتی ته‌كنیكی به‌ده‌ست بهێنن كه‌ده‌ستكاری ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌كرێت".