ریكلام


منیش (وەتەن)م هەس!

9/27/2017 4:25:33 PM
ئه‌م بابه‌ته‌‌ : 381 جار بینراوه‌‌

 
سه‌لام عه‌بدوڵڵا
 
نیشتمانى من لەناو دەروونی کچ و کوڕ و خاوەن خێزانە بێکارەکانە، لە کرێی کارى هەرزانی کارگەران و، لەناو قەرزارى هەژارەکان. 
 
وڵاتی من لەناو رەنگزەردى ئەوانەى کرێچییەکان بەردەمى دەرگایانى گرتووە، لەناو راورووتکردنی کۆمپانیا و پاڵاوگە و گواستنەوەکانى نەوتە و، لەناو خوێنی کەسە تیرۆرکراوەکانە. 
 
(وەتەن)ى ئەز لە سیماى مرۆڤە  پەراوێزخراوەکانە، لەناو بێدەسەڵاتی ئەو نەخۆش و دایکانەیە کە پارەى نەشتەرگەرى و مناڵهێنانیان نیە، لەناو خوێنی ئافرەتە تیرۆرکراوەکانە و، ناو لەپ، جێگا و جلوبەرگى لانەوازەکانى سەرشەقامەکانە، لەناو دەنگ و ئاوازی و فرچەى هونەرمەندە گوێلێنەگیراو و بێ پشتوپەناکانە.
 
نیشتمانى من لەناو روح و چاوی ماندوو و کوژاوی کۆچبەرەکانە، لە ناو نرخی ئاو ى بێکەڵک بۆ  خواردنەوەو گەرمایى پڕۆکێنە و، جانتاى خوێن و رەنجە دزراوەکانى بازرگانەکانە یان ئەگەر روونتر بیبینن، گڵادارە وشکراوەکان و، خوشکە ئێزدیە بە کەنیزەکراوەن، بناسن.
 
ئێستا ئێوە وڵاتى من دەناسن؟
 
بڕۆن پرسیارى پاشماوەى دیوارە قوڕینە روخینراوەکانى کۆرمۆر و گشت گەرمیانەکەم  بکەن و، گۆڕە نەناسراو و نرخی گرانى هاتووچووى پێشمەرگە گیرفان بەتاڵەکانە.
 
وڵاتەکەم فرمێسک و هەناسەى سارد و هاوارى ژێردەستەکانە، داخوازییەکە لە هەموو پایتەختەکانى دنیا(بەبێ ریفرەندووم)یش ناسراوەو، زلهێزەکان لەناو داڵانەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، گاڵتەى پێدەکەن و سوپاى جهل، لووگی، شەریکە دز، موستەفید، دەمارگیر، جاش و ئەنفالچی و بازرگان، خاوەن تەلار و کۆمپانییە و بانق وخانوبەرەکان و ملیاردێرو ملیونەرەکان سەوداکارى پێدەکەن. 
 
هیچ کەس دژى مافی سەربەخۆیى وڵاتەکەى نیە(تەنانەت جەماعەتى بازرگان و سیاستمەدارەو نەخیرە ئەمریکییە سەرشێواوەکانیش، ئەمانیش لەگەل سەربەخۆیین، بەڵام نەک ئێستا)، ئەوە کەسانى بێئەقڵ و گەمژە و دەمارگیرن کە بەعسیانە بیردەکەنەوە و بەربوونەتە گیانى خەڵک و تۆمەت و وشەى قیزەوەن لە ئاستى(ئاودەست)بەکاردەهێنن.
  
سەرفەراز و ئازاد و سەربەخۆبێت خەڵکی کوردستان لە ژێردەستەیى و چەوسانەوە!