ریكلام


ده‌رباره‌:

3/11/2017 7:30:27 PM
ئه‌م بابه‌ته‌‌ : 44 جار بینراوه‌‌

 
* ناساندن:
رادیۆی ده‌نگ، یه‌كه‌مین رادیۆی كۆمه‌ڵگه‌یی ئه‌هلیه‌ له‌ گه‌رمیان.
له‌ ساڵی 2010ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌و له‌ به‌روارى 6ى شوباتى ئه‌و ساڵه‌وه‌، ده‌ستى كردوه‌ به‌په‌خشی خۆی له‌ سنورى قه‌زاى كه‌لار و ده‌وروبه‌رى.
 
ئه‌م رادیۆیه‌، له‌لایه‌ن هه‌ردو رۆژنامه‌نوس (جه‌زا محه‌مه‌د) و (ئازاد عوسمان) و (محەمەد ڕەحیم )ه‌وه‌ به‌هاوكاری ژماره‌یه‌ك گه‌نجى رۆژنامه‌نوس و چالاكوانى خۆبه‌خش دامه‌زراوه‌، ئامانجیشی بریتیی بوه‌ له‌ په‌ره‌پێدانى دیموكراسیی و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیاریی هاوڵاتیانى سنورى گه‌رمیان له‌رێگه‌ى ئه‌و به‌رنامه‌و هه‌واڵ و بابه‌تانه‌ى كه‌ به‌دواداچونیان بۆ ده‌كات.
 
رادیۆكه‌، به‌ نوسراوى ژماره‌ (265) له‌ به‌روارى (2/2/2010) و به‌رێگه‌پێدانى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن بۆ شه‌پۆلی رادیۆكه‌ به‌ نوسراوى ژماره‌ (368) له‌ به‌روارى (2/2/2010) مۆڵه‌تى كاركردنى وه‌رگرتوه‌.
له‌ئێستادا رۆژانه‌ 24 كاتژمێر له‌ سنورى گه‌رمیان، له‌سه‌ر شه‌پۆلی 99.9 FM په‌خشی به‌رنامه‌كانى ده‌كات.
رادیۆكه‌، رادیۆیه‌كى كۆمه‌ڵگه‌ییه‌، واتا بۆ كۆمه‌ڵگه‌و ناوچه‌ى گه‌رمیان به‌تایبه‌تى په‌خش ده‌كات، له‌بواره‌ جیاوازه‌كانى وه‌كو: سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، ئابورى، رۆژشنبیریی، كه‌رتى خزمه‌تگوزاریی و حكومیی و وه‌رزشیی و ... هتد، به‌دواداچون ده‌كات. هاوكات به‌دواداچونیش بۆ پرسه‌ نیشتمانیی و كێشه‌ سه‌رانسه‌ریه‌كان ده‌كات و ره‌هه‌نده‌ نیشتمانیی و مرۆڤانه‌ییه‌كانى به‌هه‌ند وه‌رگرتوه‌.
 
* ئەنجومەنی بەڕێوەبردن:

    -  جەزا محەمەد سەمین – سەرۆکی ئەنجومەن.

    -  ئازاد عوسمان محەمەد – ئەندامی ئەنجومەن.

     - محەمەد رەحیم کەریم – ئەندامی ئەنجومەن.

 
* دارایی رادیۆی ده‌نگ:
ئه‌م رادیۆیه‌، رادیۆیه‌كى قازانج نه‌ویسته‌، بۆ به‌ڕێوه‌بردنیشی پشت به‌ داهاتى ریكلامی بازرگانیی و پرۆژه‌و هاوكاریی رێكخراوه‌ ناحكومیی و نا حزبیه‌كانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌و هه‌روه‌ها پیتاكى هاوڵاتیان ده‌به‌ستێت، به‌و مه‌رجه‌ى كاریگه‌ریی نه‌كاته‌ سه‌ر رێڕه‌ویی ئیشكردنى رادیۆكه‌.
ئه‌و داهاتانه‌ى كه‌ به‌ده‌ست دێن، به‌شێكى بۆ كارمه‌ندانى رادیۆكه‌ وه‌كو كرێی ئیشكردن خه‌رج ده‌كرێت و به‌شێكى تریش بۆ په‌ره‌پێدانى رادیۆكه‌ ته‌رخان ده‌كرێت.
رادیۆی ده‌نگ، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك، كۆمه‌كى دارایی و لۆجستى، له‌ حزب و رێكخراوه‌ حزبیه‌كان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراقیی وه‌رناگرێت.
 
 
* ستافی رادیۆی ده‌نگ:
ئه‌وانه‌ى كار له‌ رادیۆی ده‌نگ ده‌كه‌ن، رۆژنامه‌نوس و چالاكوانى خه‌ڵكى گه‌رمیانن، به‌شێكیان رادیۆی ده‌نگ خۆی له‌ روى كاری پیشه‌یییه‌وه‌ پێی گه‌یاندون له‌رێگه‌ى ئه‌و خول و كۆرسانه‌ى كه‌ كردویه‌تییه‌وه‌.
ئه‌م كارمه‌ندانه‌، به‌رنامه‌و پرۆگرامه‌كانى رادیۆ ئاماده‌و پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و به‌شدارییش له‌ چالاكییه‌كانى دیكه‌ى رادیۆ دا ده‌كه‌ن.
ئه‌م ستافه‌ به‌شێكى به‌ خۆبه‌خشیی و به‌شێكى تریشیان به‌ موچه‌و به‌شێكى دیكه‌شیان به‌ پاداشت كار ده‌كه‌ن.
هه‌مو كارمه‌ندێكیش، په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فی كاركردن له‌ رادیۆی ده‌نگه‌وه‌.
 
 
* په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فی كاركردنى رادیۆی ده‌نگ:
به‌پشت به‌ستن به‌ په‌یماننامه‌ى"میثاق" شه‌ره‌فی رۆژنامه‌نوسانى نێوده‌وڵه‌تی، رادیۆی ده‌نگ وه‌كو پرنسیپ و بنه‌ما، په‌یماننامه‌یه‌كى بۆخۆی داڕێژاره‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
 
په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فی كاركردنى رۆژنامه‌نوسی (رادیۆی ده‌نگ)
 
له‌ژێر رۆشنایی په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فی كاركردنى رۆژنامه‌نوسی جیهانى، (رادیۆی ده‌نگ) ئه‌م په‌یماننامه‌ (8) خاڵییه‌ى په‌سه‌ند كردوه‌و پێویسته‌ كارمه‌نده‌كانى پێوه‌ى پابه‌ند بن
1. ئه‌ركی سه‌ره‌كییمان، داكۆكی كردنه‌ له‌ (ئازادیی)، چه‌مكی ئازادیی وه‌ك له‌ (جاڕنامه‌ى جیهانى مافه‌كانى مرۆڤ) دا هاتوه‌، هیچ كارێكى رۆژنامه‌نوسی له‌ رادیۆدا ناكرێت پێچه‌وانه‌ى ئه‌م پرنسیپه‌.
2. رێزگرتن له‌ وه‌رگران به‌ پێشكه‌شكردنى هه‌واڵ و زانیاریی راست، دروستنه‌كردن و بڵاونه‌كردنه‌وه‌ى هیچ هه‌واڵێكى ناڕاست و بێ بنه‌ما.
3. به‌كارنه‌هێنانى سه‌كۆی رادیۆ بۆ هێرشكردن و سوكایه‌تییكردن به‌ هه‌ر: ئاین، بیروڕایه‌كى سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وه‌، مه‌زهه‌ب، ره‌گه‌ز و گروپێك، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاركردن بۆ قوڵكردنه‌وه‌ى گیانى گفتوگۆ و یه‌كتر قبوڵ كردن.
4. ده‌رفه‌تدان به‌ را و رای پێچه‌وانه‌، به‌ركارنه‌هێنانى مینبه‌ری رادیۆ بۆ: هێرشی تاكه‌كه‌سیی، جنێودان، ناوزڕاندن و سوكایه‌تی.
5. به‌كارهێنانى شێوازی رێپێدراو "مشروع" بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌واڵ و زانیاریی، دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ستن و ساخته‌، دڵنیابون له‌ دروستى به‌ڵگه‌و زانیارییه‌كان.
6. له‌كاتى هه‌ڵه‌كردن، هه‌ڵه‌كه‌ به‌زویی چاك ده‌كرێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر پێویستی كرد پۆزش ده‌هێنرێته‌وه‌.
7. پاراستنى سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵه‌كان و نه‌دركاندنى ناوى سه‌رچاوه‌كان له‌ هه‌ر بارێك دا بێت.
8. وه‌رنه‌گرتنى پاداشت و دیاریی و پاره‌ له‌به‌رامبه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ یان شاردنه‌وه‌ى هه‌واڵ و زانیاریی.
 
 
* پرۆژه‌كانى رادیۆی ده‌نگ:
رادیۆی ده‌نگ له‌ ماوه‌ى ته‌مه‌نیدا، چه‌ندین پرۆژه‌ى هاوبه‌ش و ته‌نیای له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان ئه‌نجامداوه‌، هه‌ندێك به‌هاوكاری رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نی و هه‌ندێكى تریشی به‌ هاوكاری ده‌زگاو كه‌ناڵه‌كانى دیكه‌.
ئه‌و رێكخراوانه‌ى كه‌ رادیۆی ده‌نگ كارى له‌گه‌ڵدا كردون، بریتیین له‌:
- كۆمه‌ڵه‌ى لاوانى زه‌نور.
- رێكخراوى وادی ئه‌ڵمانی.
- رێكخراوى خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان.
رێكخراوى ئاسوده‌.
- رێكخراوى كۆمه‌ڵگه‌ى كراوه‌ OSI.
- رێكخراوى سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی NED.
هه‌روه‌ها به‌شداریی له‌ چه‌ندین هه‌ڵمه‌تى جیاجیاى هۆشیاریی فه‌رمانگه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانى سنوره‌كه‌ كردوه‌، به‌تایبه‌ت هه‌ڵمه‌ته‌كانى هۆشیاریی ته‌ندروستی.
 
* ماڵپه‌ڕی رادیۆی ده‌نگ:
ماڵپه‌ڕی رادیۆی ده‌نگ، خزمه‌تگوزاریی ئۆنلاینی رادیۆكه‌یه‌، تیایدا هه‌مو ئه‌و هه‌واڵ و به‌رنامه‌و راپۆرت و دیدار و به‌داواداچونانه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، كه‌ رادیۆكه‌ له‌سه‌ر شه‌پۆلی زه‌مینی خۆی په‌خشی ده‌كات. هاوكات، هه‌ندێك به‌رهه‌م و بابه‌تى دیكه‌ش تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنى تۆڕى ئینته‌رنێت و به‌كارهێنانى به‌ به‌رفراوانى له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، رادیۆی ده‌نگ ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌وه‌ به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانى خۆی بۆ وه‌رگران بخاته‌ رو، به‌ ئامانجی سود بینین له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان.
ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌، به‌ هاوكاریی دارایی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسیی NED دروستكراوه‌و كارى تێدا ده‌كرێت.
له‌روى پیشه‌ییه‌وه‌، كاركردن له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ى كاركردنه‌ له‌ رادیۆكه‌ و ئه‌میش پابه‌نده‌ به‌ په‌یمانی شه‌ره‌فی رۆژنامه‌نوسی رادیۆی ده‌نگ.
 
* چالاكی دیكه‌:
جگه‌ له‌ ئه‌نجامدانى چه‌ندین به‌رنامه‌و پرۆژه‌ى هاوبه‌شى رادیۆیی و راگه‌یاندن، رادیۆی ده‌نگ چه‌ندین پرۆژه‌ى دیكه‌ى له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان ئه‌نجام داوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كاری میدیایی، له‌وانه‌:
- كردنه‌وه‌ى خول و كۆرسی راهێنانى رۆژنامه‌نوسی.
- ئه‌نجامدانى هه‌ڵمه‌تى هۆشیاریی ژینگه‌یی.
- ئه‌نجامدانى هه‌ڵمه‌تى كۆكردنه‌وه‌ى جلوبه‌رگ بۆ ئاواره‌كانى رۆژئاوا.
- ئه‌نجامدانى چه‌ندین كۆڕ و سیمینار.
له‌گه‌ڵ چه‌ندین پرۆژه‌ى تر.