بینراوه
:
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
سەردەشت محەمەد
دەکرێت لە ئێستادا لەڕێی هێزی سەربازییەوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان ناو بەناو هێور ببنەوەو کۆتاییان پێبێت، بەڵام دواجار بەزویی سەرهەڵ ئەدەنەوە، چونکە ئەزمونی بیست و نۆساڵی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی. پێمان ئەڵێت کە دەسەڵات بێباکە بەرامبەر بە ژیان و گوزارانی تاک بەتاکی کورد لە کوردستاندا، تەنانەت ژیانی ئەو هێزانەش کە ئێستا بەرگریان لێ دەکەن، نابێت دەسەڵاتداران دڵیان بە ژمارە و قەبارەی ئەو هێزانە خۆشبێت کەئێستا لەمەیدانەکەدا ڕۆڵی بەرگری دەگێڕن.
دەبێت دەسەڵاتی کوردی لەوە تێبگات ، دواجار ڕۆژێک دێت بەشێکی گەورە لەم هێزانە بەخۆیاندا دەچنەوە و ئیدی واز لەم بەرگری کردنە لەو سەروەت و سامانە بەناحەق کۆکراوانەی بەرپرسەکان دەهێنن و لەجێی دۆستایەتی دەبنەوە دژیان.
دەبێت حکومەتی کوردی کە زۆرینەی لای هەردو پارتی دەسەڵاتدارە، لەوە تێبگات ئەوەی زامنی مانەوەیان دەکات، تەنها و تەنها بەخۆدا چونەوە و ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینەیە، نەک ئەنجامدانی شەڕی دەرونی دژ بە خەڵک، نابێت ئەم هێزانە بەتەنها بیر لەپارستانی گیانی ئەندام و لایەنگرەکانی خۆیان بکەنەوە و خوێنی ڕۆڵەی خەڵکیان لا کەم بایەخ و بێ ئەرزش بێت، دەبێت ئیدی دەسەڵاتی کوردی لەوە تێبگات ئەوەی دواجار لەم مەیدانی ململانێیەدا ئەدۆڕێت ئەوانەن کەپێشەنگی ناعەدالەتییان گرتووە، نەک ئەوانەی کەخاوەن هێز و دەسەڵات و پارە و سەروەت و سامانن.
ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی بەئاشکرا ئەوەی پیشانداین مانەوە تەنها بۆ چینی هەژار و برسی و ماف خوراو بوو کەمیللەت بوو، نەک ئەو دەسەڵاتەی کە خاوەن هێزی ناوخۆ و هێزی دەرەکی بو.
دەسەڵاتی کوردی دەبێت لەوەتێبگات ئەو هێزە دەرکیانەی کە لەدەرەوە دەیانپارێزن و تاوەکو ئێستا بەرگری لەمانەوەیان دەکەن، تائەو جێگەیە لەگەڵیاندا دەمێننەوە کە میللەت ڕوبەڕویان نابنەوە و دژی ناعەدالەتی و زوڵمو ستەمەکانیان یەک ناگرن.
بەچاوی خۆمان بینیمان لەبەهاری عەرەبیدا کاتێک بەشێکی زۆری خەڵکی ناڕازی پێکەوە و بەیەک دەنگ ڕژانە سەرشەقام و داوای نەمانی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان دەکرد، چۆن لە کەمترین ماوەدا هێزە دەرەکیەکانیش دەسبەرداریان بون و مافیان دەدا بەگەل کە بۆڕوخاندنی حکومەتەکانیان لەسەرشەقام بمێننەوە و قوربانی بدەن.
ئەو ناعەدالەتیەی کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا و لەلایەن دەسەڵاتی کوردیەوە دەبینرێت و بونی هەیە، هیچی کەمتر نییە لەو زوڵم و ستەم و ناعەدالەتییەی کە دەوڵەتانی وەک میسر و یەمەن و لیبیا و تونس و سوریای پێ ڕوخا و وێران کرا، دەبێت دەسەڵاتی کوردی پێداچونەوەیەک بە سیاسەتی بەڕێوەبردنی خۆیدا بکات و پرس و ڕاوێژ بە کەسانی شارەزا و دڵسۆز بکات و پشت لەو ڕاوێژکار و ئەندام و لایەنگارانەی بکات کە هەمو کارێکیان بووە بەستایش کردن و ماکیاژ کردنی ناشیرینیەکانیان و ئەوەش تەنها لەپێناو بەدەستهێنانی پلەو پۆست وپارە و دەست خۆشانەیەکی بەرپرسەکانیان، کەدواجار هەر ئەم ماکیاژکردن و جوانکردنەی ناشیرینیەکانی دەسەڵاتە بوە بە بەهۆی دروستبونی بۆشایەکی گەورە لەنێوان خەڵک و حکومەتدا و ئەمەش وای کردووە پاڵنەربێت بۆ بەرزبونەوەی ئاستی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و دروستبونی گردبونەوە و خۆپیشاندان و دواجار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین.
دەبێت دەسەڵاتی کوردی لەوە تێبگات ئەوانەی دەبنە سەرمەشق و ڕابەری ڕاپەڕینەکان ئەوانەن کە هیچیان نییە لە دەستی بدەن جگە لەگیانی خۆیان نەبێت، هەر لەم خۆپیشاندانەی ئێستادا ئەوە بەئاشکرا دەبینین ئەوەی هەڵدەکوتێتە سەر بارەگای حیزبەکان و دار و دیواریان بەسەریەکەوە دەڕوخێنێت و ئاگریان تێبەردەدات و سڵ لەگولەی هێزە ئەمنیەکان ناکەنەوە، ئەوگەنج و مێردمنداڵانەن کە نەخاوەنی موچەو نەخاوەنی کار و نەخاوەنی بڕوانامەو نەخاوەنی ژیانێکی شایستەن و ئەوانەن کە هیچیان نییە جگە لەڕۆحیان نەبێت کە ئامادەن ئەویش بکەن بەقوربانی تەنها لەپێناو گۆڕانکاری و لابردنی ئەم هێزە سیایانەوە و دورخستنەوەیان لە کورسی دەسەڵات.