بینراوه
:
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
کاوە شێخ عەبدوڵڵا
خۆم لە سەیسایەق لەدایکبووم، گۆڕی دایکم هەر لەم شارەدایە. بۆیە من ئەگەر شارچێتیی بکەم، ئەوا زیاتر دایکمچێتییە تا شارچێتیی.
بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی، راستەوخۆ دەبم بە خەڵکی ئەو شوێن و شارەی خۆپیشاندان دەکەن جا حەزدەکات خۆپیشاندانەکە لە مانهاتنی نیویۆڕکبێ یان لە جەلالئابادی ئەفغانستان.
ئەو ڕۆژەی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گەنجانی سەیسایەق مقەڕی حزبەکانیان سوتاند، من ئێوارەکەی گەڕامەوە بۆ ئەم شارە. هەر لە دوورەوە دووکەڵی رەش لەمسەر تا ئەوسەری ئاسمانی داپۆشیبوو، وەکو تەمێک ئاڵابوون بە لوتکەی هەردوو شاخەکەدا کە شارەکەیان لەنێوان خۆیاندا حەشارداوە.
هەموو گەڕەکێکی سەیسایەق وەکو شڵەژان شڵەژا بوون، ژنەکان لەبەردەرگا زۆر دڵ لەسەرمشت و قەلەق بوون، بەش هەرەزۆریان چاوەڕێی گەڕانەوەی کوڕەکانیان دەکرد. هەبوو دەیوت: ئێستا لێرەدا دانیشتبوون نازانم چیان لێهات.
ژن هەبوو بۆ دراوسێکەیانی دەگێڕایەوە: بەخوا شوانە لە سەعات شەشی بەیانییەوە چووە بۆ هەڵەبجەی تازە بۆ ئیش، هەرکە گەیشتە ماڵەوەو بیستی کە بەزم و هەرایە یەکسەر ڕایکردە دەرەوە، وا ئێستا نازانم لە کێ هەواڵی بپرسم!
یەکەم ماڵ بۆی چووم ماڵی ژنێکی ئامۆزام بوو لە گەڕەکی حەسار.. ئەو گەڕەکەی مقەڕی پارتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی لێیە بە تەنیشت یەکەوە.. ژنێکی دراوسێی ئەوان گوێچکەی کوڕە دوانزە ساڵانەکەی گرتبوو دەیهێنایەوە بەرەو ماڵی خۆیان و بەدەنگی بەرز جنێوی پێدەدا:
ــ ئاخر سەگباب تۆ بۆچی چووی، ئەگەر خوێڕییەک فیشەکێ بنێ بەسەر دڵتەوە من ئێخەی کێ بگرم؟
ژنەکە کوڕەکەی بردە حەوشەکەو بە کلکی ماسیحە هات بەوێزەیدا. کوڕەکەیش بە دەنگی بەرز بە لەهجەی شارەزوورییانە دوای هەر دارێک دەیوت: ئەی خوا بەرد بوارێ دەواز بێنە.
دایکی بەدەنگی بەرز دەیقیژاند: من بەرماڵم بۆچیە بەرماڵت هێناوەتەوە؟ ئاخر تۆ بۆچی دەچیتە سەر مقەڕی خەڵک؟
ئێوارە لەو ماڵەی میوان بووین، بەشێک لە گەنجەکان کە بە دڵگەرمیی بەشداری خۆپیشاندانیان کردبوو بێ ئەوەی نۆرەی یەکتر بدەن، باسی ئەو شوێنانەیان دەکرد کە سوتاندبوونیان.
ـــ ئێمە هەرکە گەیشتینە مقەڕی کۆمەڵ، هەرچیمان بەردەستکەوت سوتاندمان. کابرای حەرەسی مقەڕەکە وتی، توخوا ئاگاتان لەخۆتانبێ... گۆڕانەکان یەکسەر چۆڵیان کرد.. بەس پارتییە سەگبابەکان تەقەیان دەکرد تا چووینە سەریان... هەمووان پێدەکەنن.
یەکێکیان کڵاو و شووشەی خۆپارێزی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانی هێنابوویەوە، لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە لێی نەدەن، لە شوێنێکی تر بەجێی هێشتبوو.
زۆر بێباکانە و بە پێکەنینەوە باسی چوونە سەر بینای قایمقامییەت و بنکەی پۆلیسیان دەکرد کە چۆن ماتۆڕە دەستبەسەرکراوەکانیان فڕاندووەو دەرگای سجنیان شکاندووە تا بەندکراوەکان هەڵبێن.
بەدەم گێڕانەوەکانی خۆیانەوە، سەیری فەیسبووک و تیکتکۆیان دەکرد کە چۆن پڕ بووبوون لە ڤیدیۆی رووداوەکانی سەیسایەق.
ــ ئەوە فڵانە کە چووە سەر ماڵی قایمقام.. پێکەنینی زۆر
ــ لەویا کە لە پیاوەکەی مقەڕی پارتی دەدەن من لەولاتربووم ئێخەی پیاوێ ترمان گرتبوو چونکە بینیمان ئەویش تەقەی لەخۆپیشاندەران کرد و ئێمەیش چووین بۆی.
گەنجەکان بەرماڵ و کڵاو و شووشەی خۆپارێزیی پۆلیس و بتڵی غازیان هێنابوویەوە کە هیچ ئیشیان بەو شتانە نییە!
من تەمەنم شەش ساڵان بوو، کاتێک مانگی پێنجی ۱۹٨۷ خۆپیشاندانێک لە سەیسایەق رێخرا کە لە مکەبەرەی مزگەوتەکانەوە بانگەوازی بۆ کرا و دروشم دژی حزبی بەعس دەوترایەوە کە ئەمەیان زۆر ترسناک بوو تەنیا بە کەسانی داخ لەدڵ و ئازای وەکو ئەو کاتەی سەیسایەق دەکرا.
ئەو ڕۆژە بە چاوی خۆم بینیم سوپای عێراق دەبابەی هێنایە ناوشار و دەستی لە کەس نەدەپاراست. چەندین ژن و پیاوی بێتاوانی شەهید کرد. باوکم لەو کەسانەبوو کە عەسکەرەکان گرتیان و چاویان بەست تا گولـلـەبارانی بکەن!
باوکم، وەکو شانازیی ئەو خۆپیشاندانەی بۆ گێڕاوینەتەوە کە ساڵی ۱۹۷٨ لە مەکتەبەکانی سەیسایەق کراون دژی لابردنی خوێندنی کوردی و بەعەرەبیکردنی هەموو پڕۆگرامەکانی خوێندن. دەیوت: لە پۆلەکەمدا کتێبەکانی خۆم سوتان لە کاتێکدا دەوری مەکتەبەکەمان بە سەرباز تەنرابوو تا نەهێڵن قوتابیان خۆپیشاندان بکەن.
سەیسایەق رابردویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە خۆپیشاندان و بەگژاچوونەوەی ستەمکاریی و ناعەدالەتیی جا چ هی کوردی بووبێ یان عەرەبی عێراقیی. بەڵام هچیان هێندەی ئەو خۆپیشاندانەی ئێوارەی ۷ی ۱۲ی ۲۰۲۰ خێرا و بەربڵاو و کاریگەر نەبوون.
ئەوانەی خۆپیشاندانیان کرد، هەموویان... هەر هەموویان.. نەوەی پۆپجین کە نەوەی کوشتن و داونی ناو ئینتەرنێتە. نەوەیەکن کە خەوی شەویان لەخۆیان حەرامکردووە تا هەمیشە پاڵەوان بن.
لە پۆپجیدا هاوخەباتن بێ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراویان هەبێ، لە خۆپیشاندان و ڕووداوەکانی ئەو ئێوارەیشدا هەر هاوخەبات بوون بێ ئەوەی بزانن بۆچی مقەڕی کۆمەڵ و گۆڕان و پارتی و بنکەی پۆلیس و قایمقام دەسوتێنن!
ئەوان توڕەبوون و دەبێ شتێ بسووتێنن، لە مقەڕی حزب و حکومەت باشتریان دەسنەکەوت.
ئەو نەوەیە زۆر دابڕاون لە خێزان و ماڵەوەیان، ئامادەن هەموو شوێنێ بسووتێنن بێ ئەوەی بهێڵن ماڵەوەیان بە هیچ شتێکیان بزانێ.
نەوەیەکن شتی خێرایان دەوێ وەکچۆن بەخێرایی نۆ بارەگای حزبیی و حکومییان سوتان!
بەڵام حکومەت و حزب و خێزانەکانیان داوایان لێدەکەن وەکو خۆیان پشوودرێژبن!
پشوودرێژبن تا پیر دەبن بێ ئەوەی هیچیان بۆکرابێ.
نەوەی پۆپجی پشوودرێژ نییە، چونکە رۆژانە لەناو شاشەدا دەبێتە پاڵەوان، کەچی کاکی پاڵەوان لە دەرەوە هیچ بابەتێکی نییە بۆ پاڵەوانبوونی ڕاستەقینە.
سەیسایەق دەریخست خۆپیشاندانەکان گۆڕاون بۆ ڕاپەڕین، خۆپیشاندان دروشمی هەیە و ئامانجێکی دیاریکراو کە چەند کەسێک سەرکردایەتی دەکەن، بەڵام گەنجانی سەیسایەقیی هەموو ئەو قاڵبانەی رابردویان تێپەڕاند بۆیە تەماشاکەن، خۆپیشاندانەکانی چەند سەعات دوای سەیسایەق بۆ نموونە کفری و دەربەندیخان و کەلار، بە بارەگا سوتان دەستیانپێکرد و هەر بەوەیش کۆتاییهات.
ئەو ئێوارەیەی دووکەڵی مقەڕە سووتاوەکان ئاسمانی سەیسایەقی تەنیبوو، زۆربەی گەنجە خۆپیشاندەرەکان بەدڵێکی خۆشەوە گەڕابوونەوە ماڵەوە و دواتر دەستیانکردەو بە پۆپجی!