بینراوه
:
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
قادر ئهلیاسی
لەم رۆژانەدا، گەڕانەوەی هونەرمەندی ناسراوی کورد، مامۆستا مەزهەرخالەقی بۆ شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و گیرانی کۆنگرەی ناودارانی کورد لەو شارەدا، دوو بابەتی گەرمی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتی و دەنگوڕەنگەکوردییەکان بوون. خالەقی دوای ٣٨ ساڵ دووری لە نیشتمان، رۆژی دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕی١٣٩٨ی هەتاوی (١/٧/٢٠١٩ی زایینی) گەڕایەوە رۆژهەڵاتی داگیرکراو. ئەم گەڕانەوەیەش هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ناودارانی کورد کە لەودا وێڕای مامۆستا خالەقی، بڕیارە رێز لە کۆمەڵێک کەسایەتی هونەری و ئەدەبی دیکەی کورد بگیرێ.
با بزانین هۆکاری ئەوەی ٣٨ ساڵ لەوەپێش خالەقی وڵاتی بەجێ هێشت، چی بوو؟ لەو سەردەمەدا کە هێشتا تەمەنی کۆماری ئیسلامی ٥ ساڵی تێ نەپەڕاندبوو، دوو شەڕی نەخوازراو بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرت. شەڕی یەکەم کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە، شەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە نەورۆزی ١٣٥٨ی هەتاوی(١٩٧٩ی زایینی) دەستی پێکرد. لەو شەڕەدا، سنە وێڕای شارولادێکانی تری کوردستان کەوتە بەر پەلاماری هێزەکانی رێژیم و خەڵتانی خوێن کرا. نازناوی "سنەی خوێناوی" رووی راستەقینەی ئەو رێژیمەیە کە لە سەرەتای دەسەڵاتی رەشیدا ئەنجامی دا. شەڕی دووهەم، شەڕی عێراق و ئێران بوو کە ٨ ساڵی خایاند. بە هەبوونی ئەو دوو شەڕە ماڵوێرانکەرە، هیچ هیوایەک بۆ ژیان لە بن سێبەری رێژیمی ئیسلامی ئێراندا نەمابوو. لە ئاوا ساتوکاتێکدا هونەر بەگشتی و هونەری نەتەوەیەکی بندەستی وەکوو کورد بەتایبەتی کە لە شەڕی بەرگری لە دژی کۆماری ئیسلامیدا بوو، نەک گرینگی پێ نەدەدرا، بەڵکوو بە چاوی سامانی نەتەوەیەکی دژبەری رێژیمەوە سەیری دەکرا. لەو سۆنگەیەوە مەزهەرخالەقیش نە دەرەتانی هونەری بۆ مابوو، نە هەستی بە ئارامی دەکرد، بۆیە رێگەی هەندەرانی گرتەبەر.
لەبیرمە، کاتێک مامۆستا خالەقی وڵاتی بەجێ هێشت، پاییزی ١٣٦٣ی هەتاوی (١٩٨٣ز) بوو. ئەو بەر لەوەی لە رێگەی عێراقەوە بگاتە هەندەران و لە لەندەن بگیرسێتەوە، میوانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە گەورەدێ بوو. چەند رۆژێک دوکتورقاسملوو میوانداری کرد و دواتر چووە دەرەوەی وڵات و تا سەرەتای ١٣٨١ی هەتاوی ( ٢٠٠٢ی ز ) لە بریتانیا گیرسایەوە.
لە هاوینی٢٠٠٢دا گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و لە سلێمانی، لە پەنای یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا، ئەنیستیتۆی کەلەپووری کوردی دامەزراند. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، چەندجارێک دەنگۆی گەڕانەوەی ناوبراو بۆ رۆژهەڵات بڵاو بۆتەوە و دواتر وەڕاست دەرنەچووە. تا سەرەنجام لەو رێکەوتەی سەرەوە گەڕایەوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو دامودەزگاکانی راگەیاندنی رێژیم و سێبەری دەسەڵات تا بگاتەوە هۆگرانی هونەری ناوبراو، ئەو گەڕانەوەیەیان بە گرینگییەکی زۆرەوە خستە بەرچاوی خەڵک. ئاشکرایە، ئەوەی خالەقی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە بگەڕێتەوە، کەشوهەوای سیاسی نەبووە. چونکە نە رێژیم گۆڕاوە و نە کوردیش لەو بەشەی کوردستان بە سەرەتایی ترین مافەکانی گەیشتووە.
ئەی بۆ لەم کاتە هەستیارەدا گەڕایەوە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە، بە کورتی دەبێژم:
کاتێک مامۆستا مەزهەرخالەقی وڵاتی بەجێ هێشت، وەک هونەرمەندێکی کوردی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەرنەکەوت. لەو ماوە دوور و درێژەشدا کە لە دەرەوە بوو، لێدوانێکی دژی ئەو رێژیمە دەرنەبڕیووە. بە چاوخشانێک بە لاپەڕەکانی ژیانی ناوبراودا چ لە سەردەمی رێژیمی پاشایەتی و چ ئەو ماوەیە لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا ژیاوە، بۆمان دەردەکەوێ ئەگەر ژیانی پارێزراو بایە، رەنگە قەت رێی هەندەرانی وەک پەنابەر نەگرتبایەتە بەر. سەبارەت بە ناوەرۆکی بەرهەمە تۆمارکراوەکانی مامۆستا خالەقی پێویستە رابگەیەنم: لە سەرجەمی ئەو بەرهەمانەدا کە لەباری دەنگ و میلۆدی و مووزیکەوە، بە لووتکەی هونەری گۆرانی کوردی دێنە ئەژمار، جگە لە گۆرانی "ئەگەڕێمەوە"، هیچ بەرهەمێکی تری نییە کە تێیدا باسی هونەری بەرگری و کوردایەتی کردبێ. سەردەمی تۆمارکردنی ئەو بەرهەمانە، دەگەڕێتەوە بۆ نیزامی پاشایەتی کە کۆماری کوردستانی جوانەمەرگ کردووە.
بۆ چوونەوەی ناوبراویش لەم کاتوساتەدا کە کۆماری ئیسلامی هیچ کرانەوەیەکی بە رووی خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لێ وەدەرنەکەوتووە، دەبێ بێژم: رێژیم هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی لەوبارەوە هەڵنگرتووە کە کورد دڵی پێ خۆش بکا. بە پێچەوانە ئەوە مامۆستاخالەقی بووە لە ژێر تەوژمی سیناریۆیەکی فریودەرانەدا تووشی هەڵە بووە. تەنیا گۆڕانێک لەم کاتەدا کە بە رێژیمەوە دەبینرێ، بارودۆخی داتەپاویەتی. بارودۆخی ئێستای ئێران لە بارودۆخی تورکیەی سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەچێ. بەر لەوەی حیزبی داد و گەشەپێدانAkp لە ساڵی٢٠٠٠ جڵەوی دەسەڵات لە تورکیە بگرێتە دەست، وشەی کوردستان و کورد بڤە بوو. کەس بۆی نەبوو بە کوردی قسە بکا. ئاکپارتی ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و دەرگایەکی بە رواڵەت ئازادی بە رووی کورددا کردەوە. لەوەش زیاتر لەگەڵ رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانPkk، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە نیازی چارەسەری کێشەی کورد کەوتە وتووێژ. بەڵام کە دەستەڵاتی گرتەدەست، جارێکیتر بای دایەوە سەر میراتی سیاسەتەکۆنەکەی جارانی پارتی فەزیلەتی نەجمەددین ئەربەکان و وەک لایەنەکانی تر، دژی کورد و مافە رەواکانی وەستایەوە.
ئێستاش کۆماری ئیسلامی بە هۆی گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، لە ژێر گوشارێکی زۆری ئابووری و سیاسی دایە. لە بەر ئەوەی کورد بە ئەکتەرێکی کارای سەر گۆڕەپانی ناوخۆ و دەرەوە دەزانێ، بۆیە پەنای بردۆتە بەر ئەو شانۆیە و دەخوازێ لەو رێگایەوە هەم سەرنجی دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشووری کوردستان بۆ لای خۆی رابکێشێ و هەم بە خۆڵ کردنە چاوی بەشێک لە کوردەکانی رۆژهەڵات وابنوێنێ کە گۆڕانێکی ئەرێنی بەرامبەر بە کورد بەسەر سیاسەتەکانیدا هاتووە. ئەوەی مەبەستییەتی لە هەرێمی کوردستان دەستی بکەوێ، بازاڕی ئەو بەشەیە کە لەم ساتەوەختەدا پێویستی پێیەتی و دەتوانێ دەرگایەک بێ بۆ دەوردانەوەی رێژیم لە زیانی گەمارۆتاقەتپڕووکێنەکانی ئامریکا. بۆ کوردەکانی رۆژهەڵاتیش دەیهەوێ یەک تیر و دوو نیشان بکا: یەکەم بەو شانۆسازییە خۆڵ بکاتە چاوی ئەو کوردانەی کە تا ئێستا لەو فڕوفێڵانەی رێژیم تێ نەگەیشتوون. دووهەم بیروڕای دەرەوەی پێ چەواشە بکا و وابنوێنێ کورد لە ژێر سێبەری دەسەڵاتەکەیدا ئازادە و خاوەنی مافی خۆیەتی. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەوەی لە دەرەوەی ئەو شانۆیە دەبینرێ، درێژەی هەمان سیاسەتی قەڵاچۆکردن و هەڵاواردنە کە ٤٠ساڵە لە لایەن رێژیمی ئاخوندییەوە بەردەوامە. لە ناوخۆ، زیندانەکانی لە کورد و نەتەوەکانی دیکە ئاخنیووە و لە دەرەوەش بە پێکهێنانی گروپە تێرۆریستییەکانی ژێر فەرمانی سپای قودس، دنیای تووشی نائارامی و ترس و تۆقاندن کردووە.
بۆیە چوونەوەی مامۆستا مەزهەرخالەقی بەو شێوەیە، نە دەرگایەکی ئەرێنی بە رووی خەڵکی رۆژهەڵاتدا دەکاتەوە و نە لاپەڕەیەکی باشیش دەخاتە سەر ژیانی ناوبراو. ئەو گەڕانەوەیە بە فریو و تەڵەیەک دەزانم کە چەندساڵ لەمەوبەر لە تورکیە تووشی هونەرمەند شوانپەروەر هات.